مەزارەكە لەسەر بەرزایەكی ناوەڕاستی هیرانە كە چوار دەوری بە ڕەز و باخاتی میوە و دار بەڕووی بەرز داپۆشراوە. ئەم شوێنە گۆڕستانی شێخانی تەریقەی قادرییە، تەكیەی هیران كە باو باپیرانی سافی هیرانی لە ژێر ئەو گردە لە ناو ئەشكەوتی دەستكرد شاردراونەتەوە، لە جەژن و بۆنە ئایینیەكان و لە كاتی وەفاتی شێخەكانیش دا مەراسیمی زیكری دەروێشان لەو شوێنە بەڕێوەدەچێت، هەروەها شوێنی شەفاعەت و نزاو پاڕانەوەیە لە خوای گەورە بۆ گەیشتن بە مراز و ئاواتیان. لە ناو باخەكانی هیران دەیان كەپری گەشتیاری و شوێنی پشودان بۆ گەشتیاران دروستكراوە، بۆیە لە وەرزی هاوین هەزاران گەشتیار روو لە ناوچەكە دەكەن.