زمانەکان

kurdistan map

دەربارەی كوردستان

كەش وهەوا

 کەش و ھه‌وای ھەرێمی کوردستان له‌ مانگی کانوونی دووەم، کە ساردترین مانگی ساڵه‌ له‌ ھەرێم، لە ناوچه‌یه‌کی کوردستانەوە بۆ ئەوی تر دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین لە نێوان ١-٣ و لە خانەقین ٩ پلەی سەدی دایە. بەگشتی چەند بەرەو باکوورو باکووری رۆژھەڵاتی ھەرێم بڕۆین ئەوەندە پلەی گەرمی دادەبەزێت، لەبەرئەوەی چەند بەرەو باکوورو باکووری رۆژھەڵات بچین زەوییەکە بەرزو بڵند دەبێت و لایەکانی باکووری ھەرێم دەکەونە ئەو ناوچانەی کە لە کەمەرەی زەوییەوە دوورترن کە دەبێتە ھۆی کورتی رۆژ لەنیوەی زستانی ساڵدا و کەمبوونەوەی گۆشەی تیشکی ھەتاو کەوتن. کەمی لاربوونەوەی گۆشەی کەوتنی تیشکی ھەتاو ھەروەھا رۆژ درێژی و ساماڵ و تۆپەڵی ھەوایی کیشوەری وشك کە لەھاویناندا ھەرێم دەگرێتەوە، یاریدەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەدەن لەو وەرزە. تێکڕاکانی گەرمای مانگی تەمووز کە گەرمترین مانگی ساڵە لە ھەرێم بۆیە لە هەندێ ناوچە دەشتایەكانی دەگاتە نزیكەی ٤٠ پلەی سەدیە بەڵام لە ناوچە شاخاوییەكان و هاوینە هەوارەكانی كوردستان لە نێوان ٢٥-٣٥ پلەی سەدیە.جیاوازییەکی زۆر لە بڕی باران بارین لە ھەرێم ھەن، ناوەندی بارانی ساڵانە لە ھەرێم لەنێوان ٣٢٨ ملم دایە لە خانەقین و زیاتر لە ٧٠٢ ملم لە زاخۆ و لە رواندز ٩٦٩ ملم و لە ئاکرێ ١٠٠٨ ملم و لە پێنجوێن ١٢٦٣ ملم، بەگشتی لە بارەی بڕی بارانی داباریوو لە ھەرێم دەتوانین بڵێین کە بارانی ھەرێم تا بەرەو باکوورو باکووری رۆژھەڵات بڕۆین پتر دەبێت، ئەمەش لەبەر ھۆکاری بەرزی و نزمی لەلایەك گوزەرکردنی ژمارەیەکی زۆرتر لە نەوراییەکانی کەش وھەوا بە ھەرێم، جگە لەوەی کە جۆری نەوراییەکانیش تا بەرەو باکوور بڕۆین قوڵتر دەبن. لەروی بارانەوە دەتوانین ھەرێم بۆ دوو ھەرێمی لاوەکی دابەش بکەین کە بریتین لە:

- ھەرێمی بارانی مسۆگەر: ئەم ھەرێمە بەشەکانی باکوورو باکووری رۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستانی عیراق دەگرێتەوەو سنوورەکانی باشوری لەگەڵ سنوری باشوری ناوچەی شاخاوی لە ھەرێمدا دەڕۆن ئەم ھەرێمە بەزۆری رێژەی بارانەکەی جیادەکرێتەوە کە ناوەندی ساڵانەی باران ٥٠٠ ملم کەمتر نییە، بۆیە کشتوکاڵی زستانە لەم ھەرێمە ساڵانە دەتوانێت بەتەواوی پشت بەباران ببەستێت.

- ھەرێمی بارانی نامسۆگەر: ئەم ھەرێمە ناوچە نیمچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە کە بەرێژە بارانی کەمە (ساڵانە لە ٥٠٠ملم) کەمترە، ئەم ھەرێمە لاوەکییە دیسان بەوە ناسراوە کە بڕی بارانی مانگانه‌، وه‌رزانه‌ و ساڵانە ھەڵبەز و دابەزێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بە بەراورد کردن لەگەڵ ھەرێمی پێشوو. بۆیە کشتوکاڵی زستانەی بەتایبەتی لە بەشەکانی باشوورو باشووری رۆژئاوا رەنگە رووبەڕوی ھەڕەشەی وشکی ببێتەوە.  له‌ رووی ئاووھەواوە ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ھەرێم پۆلێن دەکرێت کە ئەمانەن:

ھەرێمی ئاوو ھەوای دەریای ناوەراست: ئەم جۆرە ئاووھەواییە بەشەکانی باکوور و باکووری رۆژھەڵاتی ھەرێم دەگرێتەوە و لەگەڵ سنووری باشووری ناوچەی شاخاوی لە ھەرێمدا دەڕوات، ئەم ھەرێمە پتر لە ٥٠ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی داگرتووە لە رووی گەرمییەوە. هه‌روه‌ها بە زستانی زۆر سارد و بە ھاوینی فێنك ناسراوە. لەرووی دابارینەوە لە نیوەی زستان پەرە دەستێنێ و ھاوینی وشکە، ھەروەھا ئەو ھەرێمە لە ھەموو ناوچەکانی تری عیراق بەبارانترە. تێکڕای بارانی ساڵانەی لە ٥٠٠ ملم دانابەزێت تا بەرەو رۆژھەڵات و باکوور و باکووری رۆژھەڵات برۆین باران زیاتر دەبێت بۆ ماوەی چەند رۆژێك دەبێتە ھۆی پچرانی رێگای گواستنەوە لەنێوان شارە جیاجیاکاندا.

ھەرێمی ئاوو ھەوای نیمچە وشک گەرمەسێری: ئەو ھەرێمە بەشەکەی دیکەی رووبەری ھەرێم دەگرێتەوە لە رووی سیسته‌می باران بارینەوە لە ھەرێمی پێشوو دەچێ (ھاوینی ووشك و برینگ و زستانی بە باران) بەڵام لێی جیاوازە لەرووی کەم بارانییەوە (ساڵانە کەمتر لە ٥٠٠ ملم و بەرزی پلەکانی گەرمی لەھاوین و زستانی کەمتر ساردە، کەم جاری وا ھەیە بەفری لێ بکەوێ). لەبەر ئەوەی زۆربەی ھەرێمی کوردستان شاخی بەرز یان نزمن، بۆیە پێکھاتە جیولۆجیەکان و تایبەتمەندیە بەردیەکان کاردەکەنە سەر ئەنجامەکانی دارووتان و دامالین، تا لە ئاکامدا رووە جیۆمۆرفۆلۆجی و تۆبۆکرافییەکانیش جۆراو جۆر دەکەن. واتە پرۆسەی دارووتان و دامالینی ناھاوتا دەبیتە ھؤکاريکی سەرەکی بۆ ئەم جۆراوجۆر بوونە. رووخسارە جیۆمۆرفۆلوجییەکان ژمارەیەك یەکەی جیۆمۆرفولۆجی سەرەکی دەکرنە خۆ ئەمەش لەبەر رۆشنایی رێسای پۆلينكردن کە یەکە جیۆمۆرفۆلۆجییەکان (شێوەی رووەکان) ی لەسەر بنجینەی بنەرەت بۆ پێکھاتەیی و دامالینکردو رووبار پۆلينكردن.