هەڵەبجە
شاری هەلەبجە بە دوورى 90 کم دەکەوێتە بەشى رۆژهەڵاتى سلێمانى و مەلبەندى پارێزگاى هەلەبجەیە، لە رۆژهەڵات لە گەل وڵاتى ئیران هاوسنوورە، لە ساڵى 1889 ز کراوەتە قەزا و لە ساڵى 2013 کراوەتە پارێزگا، لە 16/3/1988 لە لایەن دەسەڵاتى عیراق بە چەکى کیمیاوى بۆردومانکراو بووە هۆى شەهیدبوونى زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتى و 10 هەزار بریندار و وێرانکردنى شارۆچکەى هەڵەبجە، دواى رزگارکدنى عیراق لە ساڵى 2003 و لە سێدارەدانى تاوانبارانى کیمیابارانکردنى هەلەبجە لە ساڵى 2010، کیمیابارانى هەلەبجە وەک تاوانى جینۆساید ناسێنرا و کرایە دەستەخوشکى شارى هیرۆشیماى یابان، ساڵانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەرتاسەرى عیراق و بە تایبەت لە هەرێمى کوردستان یادى کیمیابارانى هەلەبجە بەرز رادەگیرێت، لە سەرجەم شارەکانى کوردستان چەندان چالاکى جۆراوجۆر بە یادى ئەم کارەساتە دەکرێت و 5خولەک وەک ماتەمینى جولەو هاتوچۆ دەوستێت. سنوورى هەلەبجە ناوچەیەکى سروشت جوانە و مەلبەندى هەورەمانە و چەند شوێنێکى گەشتیارى جۆراو جۆر لە خۆدەگرێت، وەک (ئەحمەداوە، گراوى خورمال، مەزارگە ئاینیەکانى تەوێلە و بیارە، مونێمێنتەکانى هەلەبجە، سەیرانگەى چاوگ و گوڵان).