دەربارەی كوردستان

مۆزه‌خانه‌کان و ناوه‌نده‌ گه‌شتیارییه‌کان

مۆزه‌خانه‌کانی شاری هه‌ولێر

 

مۆزەخانەی شارستانێی هەولێر

ئه‌ مۆزه‌خانه‌یه‌ دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی قەڵای هه‌ولێر لە نزیك سەنتەری شار، بەرامبەر سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر. مۆزەخانەی هەولێر بۆ پیشاندانی پارچە شوێنەوارییەكان لە سێ‌ هۆڵ پێكهاتووە كە هەر هۆڵێك چەندین سەردەمی جیاوازی لە خۆگرتووە. هۆڵەكان بە پێی كۆنترین تا نوێترین سەردەمی شوێنەواری رێكخراون. مێژووی هەندێك لەم شێوارانە بۆ زیاتر لە 5000 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە كە شارستانیەتی كۆنی كوردستان و عێراق دەردەخات. هەر لەم مۆزەخانەیە كتێبخانەیەك هەیە كە بەهۆی بوونی چەندین سەرچاوەی مێژوویی گرنگ، بە یەكێك لە كتێبخانە مێژووییەكان دادەنرێت.

مۆزەخانەی رستن و چنینی قەڵا 

دەكەوێتە ناو قەڵات. لەنێو ئەم مۆزەخانەیەدا بەشێكی زۆری كاری دەستی لە هونەركانی چنینی هۆزە نیشتەجێ و رەوەندەكانی ناوچەی پارێزگای هەولێر پارێزراون. زۆربەی ئەم كەلوپەلانە رایەخ و كاڵا و پۆشاكن. كەرەستە خاوەكەشی لە خووری و مووی مەڕوماڵات دروستكراون و بە رەنگی گیاو گوڵ و رووەك رەنگكراون، كە هەندێك لەم پارچانە مێژووی سەدان ساڵەیان هەیە.

ئەنتیکخانە

ئه‌م ئه‌نتیکخانه‌یه‌ بریییه‌ له‌ دوو بەش، بەشێكیان دەكەوێتە سەر قەڵای هەولێر كە سەدان پارچەی جۆراوجۆری ئەتنۆگرافی و كولتووری كوردستانی ( ناوماڵ، كشتوكاڵ، جوانكاری، ئەدەبیات، هونەری، كاركردن...) لە خۆ گرتووە.

بازاڕی قەیسەری 

ئه‌م قه‌یسه‌رییه‌ دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵات لە بەرامبەر قەڵای هه‌ولێر. مێژووی دروستكردنی بۆ سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە و لەسەر شێوەی که‌وان بنیانراوە، لە ناوەوە چەندان بەش و رێرە و بازاری جیاواز لە خۆ دەگرێت، لە لایەن حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2013 نۆژنكراوەتەوە وبازار و ژیان تێیدا بەردەوامە و كەلوپەلی كۆن و نوێی لێدەست دەكەوێت، گەشتیاران بۆ كرینی دیار و خواردنە وشكراوەكانی كوردستان و بۆ بینینی دیمەنە جوانەكانی رووی تێدەكەن، بە چەندان دەرگا دەتوانین بچیتە ژوورەوە. 

 

مۆزه‌خانه‌کانی شاری سلێمانی

مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكە

مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەكە، لە ساڵی 1979 لە سەر داوای حكوومەتی ئەوسای عێراق، بۆ كۆلیژی كشتوكاڵ دروستكراوە و دواتر بووەتە ئیدارەی مەحەلی سلێمانی. پاشان كرا بە زیندان بۆ شۆڕشگێڕان و كەسانی ئازادیخواز. لە بەرئەوەی رەنگی باڵەخانەكە سوورە, بۆیە پێی وتراوە ( ئەمنە سوورەكە). لە راپەرینی ساڵی 1991 ئازاد كرا و لە 1995 كراوەتە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكە كە چەندین بەشی جیاواز لە خۆدەگرێت، كە گشتیاران گوزارشت لە تاوانەكانی رژێمی رووخاوی سەدام لە دژی كورد دەكەن. رۆژانە هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی دەكەن و بە چاوی خۆیان زوڵم و ستەمەكانی رژێمی رووخاوی بەعس دەبینن كە بەرامبەر هاووڵاتییانی كوردستان كرابوو. ئەم شوێنە لە كاتژمیر 8 بەیانی تا  16 ی ئیوارە پێشوازی لە گەشتیاران دەكات.

مۆزەخانەی سلێمانی

 دەكەوێتە سەر شەقامی سالم لە ناو شاری سلێمانی. ئەم مۆزەخانەیە هەزاران پارچە شوێنەواری  دەگمەن و گرنگی جۆراوجۆری لە ناودا كۆكراوەتەوە و پارێزراوە. پارچە شوێنەوارەكان بە شێوەیەكی رێك و جوان لە ناو هۆڵی مۆزەخانەكە بۆ بینینی گەشتیاران خراونەتەڕوو. 

مۆزەخانەی ئەتنۆگرافیا

سنووری پارێزگای سلێمانی خاوەنی كەلتوورێكی دەوڵەمەند و فراوانە، بۆیە مۆزەخانەی كەلتووری ئەتنۆگرافیا لە سلێمانی بنیاد نراوە. ئەم مۆزەخانەیەش هەزاران پارچەی جۆراوجۆری لە كەلەپووری كوردی لە خۆگرتووە، كە لە ژیانی رابردوودا بەكار هێنراون و بەشێكی لە ژیانی ئەمڕۆ بەكار دەهێنرێن.

مەڵبەندی كاری دەستی

ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ لە ساڵی 1971 لەسەر دەستی مامۆستا (سامی حسێن) بەڕێوەبەری پەرەوەردەی سلێمانی دامەزراوە. دەكەوێتە شاڕێی سالم نزیك مۆزەخانەی سلێمانی. بە شێوەیەكی هونەریی، كاری دەستی لێ ئەنجام دەدرێت و پارێزگاری لە كەلتووری كورد دەكات، كە لەم بەشانە پێكدێت: (سیرامیك، كانزاكان، سكرین، مافوركاری، چەرم سازی، دارتاشی، بەرگدووری، گوڵسازی، بەرگ تێگرتن).

 

مۆزه‌خانه‌کانی ناوجه‌ی گه‌رمیان

مۆزەخانەی فۆلكلۆریی گەرمیان

ئەم مۆزەخانەیە لە ناو قە‌ڵای شێروانە دایە و لە ساڵی 2003 لەلایەن شوێنەواری كەلار دروستكراوە. كۆمەڵێك پارچە شوێنەواری گردی شێروانە و پارچە فۆلكلۆرییەكانی ناوچەكە لەخۆدەگرێت.