كورتەیەك لە مێژووی شاری قەڵادزێ، قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانیە و دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی عێراق، لە نێوان قەزاكانی (رانیە و دووكانە). لە هەر چوارلاوە بە شاخ دەورە دراوە و لە رۆژئاوا زنجیرە شاخی ( كێوەرەش) و لە باشوور (ئاسۆس) و لە رۆژهەڵات (بوڵفەت، چواس و مامەندە) و لە باكوور (قەندیل). رووبەرەكەی بە (4000 كم) دووجا دیاری كراوە و پێنج ناحیەی (هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە، ژاراوە و سەنگەسەر) لەخۆ دەگرێت. لە رووی پۆلێنی جوگرافی دەكەوێتە ناوچەی چیا بەرزەكان و بەرزایی لە دامێنی زێی بچووك دەگاتە (780) پێ و تا بەرەو باكوور بچین زیاد دەكات و دەگاتە (1800) پێ. سەبارەت بە ناوی قەڵادزێ دوو بۆچوون هەیە كە یەكەم پێی وایە لە دوو ووشەی (قەڵا، دژ) هاتووە و ووشەی دژ لە فارسی واتەی قەڵایە و بەم پێوەرەش واتە (قەڵای قەڵاكان). بۆچوونی دووەم تێكەڵ بوونەوەی دوو زێ لە نزیك پاشماوەكانی شوێنەوارێكی دێرینە و واتە (قەڵایەك لە نێوان دوو زێدا بێت). شاری قەڵادزێ لە سەر دەستی رژێمە ستەمكارەكان دووچاری نەهامەتی زۆر هاتووە و دیارترینیان بۆردمانی ئەو شارە لە (24/4/1974) بە چەكی قەدەغە كراوی ناپاڵم بووە، دواجار رژێمی درندەی بەعس تەواوی ئەو شارە و ناحیە و گوندەكانی بە یەكجاری لە پرۆسەیەكدا وێران كرد كە لە (26/6/1989) كۆتایی هات و تەواوی دانیشتوانی ناوچەكەی بە زۆر بۆ ئۆردوگاكانی (خەبات، كەورگۆسك، دارەتوو و جدیدە) لە نزیك هەولێر و ئۆردوگای بازیان لە نزیك سلێمانی ڕاگواست. خاكی پشدەر زۆر بە پیتە و بەرهەمی كشتوكاڵی جیاوازی وەك: (گەنم، جۆ، نیسك، نوك، تووتن، گوڵە بەرۆژە، تەماتە، پیاز، شوتی، خەیار و سەوزەمەنی و ...) لێ بەرهەم دێت، چاندن لەو سنوورە دوو وەرزە و لە شوێنە فێنكەكانیش جۆری میوەی زۆری وەك: (هەنار، هەنجیر، هەرمێ، سێو و ترێ و ... هتد) بەرهەم دێت، بەرهەمی سروشتی ئەو سنورە لە شاخەكان زۆرن وەك: (كەنگر، رێواس، كارگ، بنێشتی كوردی، قەزوان، گێوژ و كرۆسك و ... هتد). ناوچەی هەرە جوان دڵڕفێنی ئەو سنوورە بریتیە لە چیاكانی قەندیل كە پریەتی لە دوند و لوتكە و دارستان، ئاو و كانی و كانیاو، گوڵ و جوانی و سەوزایی، بەفر و شەختە و بەستەڵك و ... هتد. لە راستیدا جوانی سروشتەكەی لە باس نایات و هەر بستێكی بۆخۆی شوێنی حەسانەوە و سەیرانگا و هەوارێكە، دەیان گوند و ئاوەدانی جوان لەخۆ دەگرێت و هاوینان هەواری خاوەن ئاژەڵەكانی زۆرێك لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستانە. هەروەها گوندی جوانی زۆری كە هەموویان بە دار و ئاو و باخەكانیان رازاون هەر لە دەوروبەری شارەدێی سەنگەسەر تا ناو دڵی قەندیل هەیە و جگە لەمەش ئاوبەندی سەنگەسەر كە لە سەر چۆمی (گاڕفێن) دانراوە، جگە لەوەی بۆ مەبەستی ئاودێری دروست كراوە، دیمەنی ناوازەشی بەم سنوورە بەخشیوە. شارەدێی هەڵشوو خاوەن جوانترین سرۆشتە و لەناو دڵی چیا و بە درێژایی دۆڵێكی بەرتەسك درێژ دەبێتەوە و جوانترین دیمەنەكانی تێدایە كە بە دیتنیان مرۆڤ ئاسودە دەبێت، گوندە جوانەكانی وەك (ئەشكەنە، باوزێ، شێخ ئاودەلان، ئەمەر كاكۆڵ، هێرۆ، شێنێ و سونێ) هەریەكە بە دار و باخەكانیان، ئاو و كانی و جوگەكان، جوانی و شاخەكانیان سەرەنجی گەشتیار ڕادەكێشن. هەروەها سەیرانگاكانی وەك: (گرد ئێستر، جۆلانان، باژار لە نێوان هەردوو شاری قەڵادزێ و سەردەشتی رۆژهەڵات واتە لە سنوور، سوولی دەوژان، بەكاو لە هێرۆ) لەو سنورەن و (بەكاو) دیمەنێكی جوانی ئاوی سروشتە. مەزارگەكانی (شێخ ریشوان و شێخ فەرخ، شێخ محمودی بنەوشان) كە بە لای خەڵكی ئەو سنوورە مەزارگە و شوێنی پیرۆزن، هاوكات لە ناوچەی گەشتیاری جوانن. دەكرێت بۆ گەشتی شوێنەوارەكانیش ناوی هەریەكە لە (قەڵاتی دینكە) كە بە داخەوە شوێنەوارەكەی بەكەمی ماوەتەوە و (گۆری فەقێ احمدی دارشمانە) دامەزرێنەری میرنشینی بابان باس بكەین.