سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ پلانی گەشتوگوزار دەکات

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی تەمموزی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، پرێزنتەیشنێکی تایبەت لەلایەن بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوونی دەستەی گەشتوگوزار پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشک خسترایە سەر نەخشەڕێگا و ستراتیژیەتەکانی کەرتی گەشتوگوزار.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بە گرنگی بوونی پلانێکی تۆکمە و پیشەیی دا کە هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم، بە ئامانجی زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان. لای خۆیەوە بەڕێوەبەری پلاندانان بە وردی باسی لە ستراتیژیەتی کارکردنی دەستەی گەشتوگوزار و ئاراستە گشتییەکان کرد.
هاوکات سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەری پلاندانانی راسپارد کە ئامادەکاری تەواو بکات بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی گشتگیر بە بەشداریی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، بە مەبەستی بە دواداچوون بۆ ئاستی جێبەجێکردنی پلانەکان و نوێکردنەوە و دانانی پلانی کارپێکردن (Action Plan) بۆ ساڵی داهاتوو.











