وەزیری گەشتوگوزاری ئەلبانیا بانگهێشتی هەرێمی کوردستان دەکرێت

لە درێژەی کۆبوونەوە و دیدارە فەرمییەکانیدا لە وڵاتی ئەلبانیا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە یاوەریی ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، لەگەڵ بلێندی گۆنشجا، وەزیری گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری و وەرزشی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا، بەتایبەت لە بوارەکانی گەشتوگوزار، پاراستنی شوێنەوار و گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەوتووی ئەلبانیا بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەو دەرفەتە زێڕینانەی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار هەن. جەختیشکرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلانی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا، بایەخێکی تایبەت بەم کەرتە ستراتیژییە دەدات.
هاوکات لە پێناو زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکان، جێگری سەرۆک وەزیران بە فەرمی بانگهێشتی وەزیری گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری و وەرزشی ئەلبانیای کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.











