سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نێوان دەستەی گەشتوگوزار و ڕێکخراوی هابیتاتی کرد

گەلاوێژ 20, 2026

ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و ڕێکخراوی هابیتات (UN-Habitat) بۆ تاوتوێکردنی هەماهەنگییەکانی نێوانیان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نووسینگەی هابیتات لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکە، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی دیوانی دەستە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار وێڕای بەرزنرخاندنی چالاکییەکانی ڕێکخراوی هابیتات، جەختی لەسەر پێویستیی فراوانکردنی هەماهەنگییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی زیاتر کردەوە.

لای خۆیانەوە نوێنەرانی ڕێکخراوی هابیتات وردەکاریی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانوویەک لە گەڕەکی مێژوویی "تەعجیل"ـیان لە شاری هەولێر خستەڕوو، کە ئامانج لێی گۆڕینی ئەو شوێنەیە بۆ ناوەندێکی کلتوری و گەشتیاری. ژوان سابیر، وێڕای دەستخۆشی، پشتیوانی تەواوی دەستەکەی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە دەربڕی.

هاوکات سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە، بەهۆی نزیکی لە قەڵای هەولێر، فاکتەرێکی گرنگ دەبێت بۆ ناساندنی مێژوو، کلتور و تەلارسازیی ڕەسەنی کوردستان بە گەشتیاران. هەروەها داوای کرد لە چوارچێوەی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوکاری دەستەی گەشتوگوزار بکەن لە ڕێگەی کردنەوەی خولی ڕاهێنان و ئەنجامدانی گەشتی زانستی بۆ دەرچووانی بەشی گەشتوگوزار، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان.