میدیا دەتوانێت ببێتە باڵیۆزی ناساندنی کەرتی گەشتیاری کوردستان

یەکشەممە، ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٦، ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، سەردانی دامەزراوەی میدیایی کوردساتی کرد و لەلایەن دێرین لەتیف، بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵەکەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر گرنگیی ڕۆڵی میدیا لە پەرەپێدان و بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان. سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار جەختی لەوە کردەوە کە میدیا خاوەن ڕۆڵێکی نیشتمانیی گرنگە و دەتوانێت ببێتە باڵیۆز و بەشدار بێت لە هەڵمەتەکانی زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک پێگەیەکی گەشتیاریی سەرنج راکێش لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە داڕشتنی چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان دەستەی گەشتوگوزار و دامەزراوەی میدیایی کوردسات. لەو چوارچێوەیەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی پلانی ڕاگەیاندنی هاوبەش، کە ئامانج لێی ڕووماڵکردنی فراوانی فیستیڤاڵە گەشتیارییەکان، بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاریی نیشتمانی بڵاوکراوەی گەشتیاری بۆ ناساندنی سرووشت، مێژوو و کلتوری کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گەشتیاری.











