سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم لەگەڵ جێگری وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبۆوە

بانەمەڕ 11, 2022

لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی لە وڵاتی یۆنان، شاندی حکومەتی هەرێم چەندین دیدار و کۆبونەوەیان ئەنجامدا، لە نێویاندا ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم لەگەڵ سۆفیا زاکاراکی، جێگری وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبۆوە و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و چالاکییە گەشتیارییەکانی وڵاتەکەیان کرد.

هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کاری هاوبەش و چالاکی پێکەوە بکەن، بۆ ئەومەبەستەش وەک یەکەمین هەنگاو ئامادەکاری دەکرێت بۆ داڕشتنی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، جەختیش لە چەند بوارێکی سەرەکی گەشتوگوزاری کرایەوە وەک بوارەکانی پەروەردە و بەبازاڕکردن و پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار و ئاڵوگۆڕکردنی گروپی گەشتیاری لە نێوانی هەردوولا، هاندانی کۆمپانیاکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا،جێگری وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان باسی لە ئەزموونی وڵاتەکەی کرد لە بواری گەشتوگوزار، بەتایبەتی سێکتەری پەروەردە و بەبازاڕکردن و پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار و شوێنەوار و چالاکیە گەشتوگوزاریە وەرزییەکان، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشتوگوزارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، تاوتوێی دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان کوردستان و یۆنان کرا تا هاوڵاتیانی هەردوولا بتوانن بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی یەکتر بکەن