كۆمپانیایەكی ئوردنی، گروپی گەشتیاری بۆ كوردستان دێنێت و هەڵمەتێكی بەبازاڕكردن لە وڵاتانی عەرەبی بۆ كوردستان دەكات
دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە، ئەمرۆ كۆمپانیای ئوردنی ( Jordan Pulse) لەگەڵ دەستەی گشتی گەشتوگوزار رێكەوتن لەسەر دانانی میكانیزمێكی كار كردن بۆ مەبەستی بەبازاڕكردن و ناساندنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، هەروەها هێنانی گرووپی گەشتیاری لە ولاتانی عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان.
دەستەی گشتی گەشتوگوزار بەڵێنی پێدا كە سەرجەم كارئاسانی بۆ ناساندنی گەشتیاری و بۆ هێنانی گەشتیار لە وڵاتانی عەرەبی دەكات و پێداویستی راگەیاندن و بەبازاڕكردن دەخاتە بەردەستی كۆمپانیای ناوبراو٬ بریارە كۆمپانیای ناوبراو لە ئایندەیەكی نزیك یەكەم گرووپی گەشتیاری كە پێكهاتووە لە رۆژنامەنووسانی وڵاتانی عەرەبی بێنێتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی شوێنە گەشتیاریەكانی كوردستان بكەن بە جێگای سەرنجی ڕاكێشانی گەشتیاران لە وڵاتانی عەرەبی. جێگای ئاماژەیە كۆمپانیای ناوبراو بە فەرمی مۆڵەتی لە هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.