سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پێشوازی لە رێکخراوی فۆکسیڤی ئیتالی کرد

خاکەلێوە 10, 2021

ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرێوەبەر لە دیوانی دەستە پێشوازی لە ئیڤانۆ بۆرسۆتو بەرپرسی رێکخراوی فۆکسیڤی ئیتالی و شاندی یاوەری کرد.

دوای پێشوازی و خۆشحالی دەربڕینی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ، بەرپرسی رێکخراوە ئیتالیکە تیشکی خستە سەر گرنگی گەشتوگوزار بە گشتی و پێشکەوتنی ئیتالیە لە بواری گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە ٧٨ رێکخراوە لە فیدراسیۆنێک دان، سەرپەرشتیان دەکات و خۆبەخشانە بە دڵسۆزی کار لەم بوارە دەکەن. سەردانەکەشی بۆ دەستەی گەشتوگوزار بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئیتالیا و لەگەڵ رێکخراوەکانی مەدەنی ئیتالیا ئەنجام داوە.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار وێڕای سوپاس کردن کە پێشتر هاوکاری دەستەی گەشتوگوزار بوونە. ژمارەیەک بابەت و بیرۆکەی خستەڕوو بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کەچۆن سوود لە ئەزموونی پێشکەوتووی گەشتیاری ئیتالیا وەربگیرێت،کە ببنە هۆی سوود گەیاندن بە سروشتی دەوڵەمەند و مێژوو و شوێنی ئایینی هەرێمی کوردستان.

داواشی کرد لەڕووی پەرەپێدانی هۆشیاری و پەرەپێدانی توانای مرۆیی و خوێندنی گەشتیاری و بە گەشتیاری کردنی شوێنەوارەکان و ناساندن و پەیداکردنی پشتگیری دەولی هاوکار و پاڵپشت بن، هەرەوەها لەڕووی مەیدانی سوود لە خزمەتگوزاری بۆ شوێنەکانی گەشتیاری وەربگرن. لە کۆتایدا سەرۆکی دەستە پێشنیازی کرد شارێکی ئیتاڵی لەگەڵ شارێکی مێژووی کوردستان بکرێنە دەستە خۆشک.

بەرپرسی رێکخراوی فۆکسیڤ بریاریدا کە سەرەتا سمیناری ئەلیکترۆنی لە نێوان شارەزایانی گەشتیاری ئیتالیا و هەرێم سازبکرێ و هەنگاو بۆ کاری مەیدانیش دەست پێ بکەن.