سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ئابی ٢٠٢٦، ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، لە دیوانی دەستە پێشوازیکرد لە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و شاندی یاوەری.
لە کۆبوونەوەیەکدا، تەوەرە سەرەکییەکان چڕکرانەوە لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی بازرگانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بە بایەخەوە باسی لە ڕێکخستنی نرخ لە کەرتی گەشتوگوزاردا کرد.
هەروەها گفتوگۆ کرا سەبارەت بە داڕشتنی بەرنامەیەک بە مەبەستی بەکارهێنانی زیاتری بەرهەمی ناوخۆیی لەلایەن بنکە گەشتیارییەکانەوە وەک پشتگیرییەک بۆ ئابووریی هەرێم. هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وێڕای گەیاندنی پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی دەستە، ئامادەیی تەواوی خۆیشی بۆ هەماهەنگیی هاوبەش و کاری پێکەوەیی دەربڕی.











