سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ئایینی سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد

ڕەشەمێ 24, 2021

ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار سەردانی وەزاراتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد و لە لایان پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و زێندین مەولود بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک بەڕێوەبەر پێشوازی لێکرا.

دوای بەخێرهێنانی سەرۆکی دەستە و شاندی یاوەری، وەزیری کاروباری ئایینی گرنگی سەردانەکە و پێکەوە کارکردن بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ئایینی خستەڕوو، وەک هەنگاوێکی نوێ ئاماژەی بە کردنەوەی بەشی گەشتوگوزاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دا.

دواتر سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار تیشکی خستە سەر گرنگی گەشتوگوزار بە گشتی و گرنگی رۆلی گەشتوگوزاری ئایینی لە پێشخستنی گەشوگوزار بەتایبەت لە رووی پێشخستنی ئابووری وەڵات و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ناوچەکان کە شوێنی ئایینی لێیە یان رێورەسمی ئایینی لێ بەرێوە دەچێت.

هەروەها بەرنامەی کارکردن لەگەڵ لایەنەکان و ئایینەکان و شێوازی هەماهەنگی و چۆنیەتی دابین کردنی خزمەتگوزاری گەشتیاری و وەبەرهێنان و ئامادەکردنی رێبەر و سوود وەرگرتنی لە کولتووری ئاینەکانی خستەڕوو.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دڵخۆشی خۆی بۆ هەنگاوەکان دەربڕی و ئاماژەی بە ئامادەکردنی رێبەرێکی تایبەت بۆ شوێنەکانی ئاینی و پێکەوەژیانی ئاینەکان بە هاوکاری دەستەی گەشتوگوزار کرد کە لە ئایندەیەکی نزیک تەواو دەبێ، ئامادەی خۆشی بۆ پشتگیری هەنگاوەکانی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار راگەیاند. بۆ کاری مەیدانیش بریاردرا لێژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێ و دەست بەکارەکانی بکات.

جێگەی ئاماژەیە کە بەڕێوەبەری کاروباری ئایینی مەسیحی و بەرێوەبەری کاروباری ئایینی ئێزیدی و بەرێوەبەری کاروباری پێکهاتەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و چەند بەرێوەبەرێکی دەستەی گەشتوگوزار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.