رێکخراوی هاوبەشیی ئیماراتی ـ کوردی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری کرد
بە مەبەستی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لە بواری گەشتیاری، ڕێکخراوی هاوبەشیی کوردی - ئیماراتی سەردانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری کرد و لە لایەن ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار پێشوازی لێکرا،
سەرمەد رافع شاکر سەرۆکی ڕێکخراوی هاوبەشیی کوردی - ئیماراتی ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم ئامانجی رێکخراوەکە، گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستانە بۆ دەوڵەت و گەلی ئیمارات، دووەم ئامانج، دەیانەوێت دەرفەتی وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری گەشتیاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنن.
دواتر باسی دروستکردنی ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری کوردی - ئیماراتی کرد، کە لە ئایندە دەیانەوێت دایبمەزرێنن ، بەمەبەستی لێکتێگەیشتنی زیاتر و پەرەدان بە پەیوەندی لەنێوان هەردوو لادا، بۆ بەرەووپێش بردنی زیاتری بواری گەشتیاری و بوارەکانی دیکە، هاوکات داوای کرد ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم، ئەندام بێت لە ئەنجوومەنەکەدا.