دەستەی گەشت وگوزار كارئاسانی بۆ هێنانی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دەكات

ڕێبەندان 25, 2016

بە مەبەستی بەرزكردنەوەی داهاتی گەشتیاری و جوڵاندنی بازاڕەكانی هەرێم٬ دەستەی گشتی گەشت وگوزار لەرێگای بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ هێنانی گەشتیار ئەمڕۆ 25/1 بەئامادەبوونی سەرۆكی میوانخانە و چێشتخانەكان و سەرۆكی كۆمەلەی كۆمپانیاكان و ژمارەیەك بەرێوەبەری گەشت وگوزار لەگەڵ كۆمپانیاكانی گەشتیاری سنووری پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكی ساز كرد.
سەرۆكی دەستەی گەشت وگوزار مەولەوی جەبار بە كۆمپانیاكانی ڕاگەیاند كە دەستەی گەشت وگوزار هەموو جۆرە كار ئاسانیەك بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەكات كە گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن و هەولی بوژاندنەوەی ئابووری هەرێم دەدەن٬ ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو كۆمپانیایانەی گەشتیار دەهێنن رسووماتی گەشتیاریان لەسەر كەم دەكرێتەوە ٬ بەڵام ئەو كۆمپانیایانەی گەشتیار بۆ دەرەوەی هەرێم دەبەن رسۆماتیان لە سەر زیاد دەکێت. هەر كۆمپانیایەك گەشتیار بێنێت ئەوا یارمەتی بووژانەوەی ئابووری هەرێم دەدات بۆیە دەستەی گەشت و گوزار هاوكاری دەكات و لەگەڵ لایەنەكانی تری حكومەت كار ئاسانی بۆ دەكات٬ سەرۆكی دەستە ئاماژەی بەوەش كرد كە چەند چاڵاكیەكی تریش بۆ هێنانی گەشتیار لە ئایندە دەكرێ٬ له‌ لای خۆشیه‌وه‌ سەرۆكی كۆمەلەی میوانخانەكانیش ئامادەیی دەربڕی بۆ داشكاندنی نرخەكان بۆ گروپی گەشتیاری كە لە ڕێگای كۆمپانیاكان دێن بۆ كوردستان.
تیبینی: هه‌مان کۆبوونه‌وه‌ له‌ رۆژانی داهاتوو له‌ سلێمانی و دهۆک ساز ده‌کرێ