دەستەی گەشتوگوزار کار بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و زامنکردنی مافی کرێکاران دەکات

رۆژی سێشەممە، ١١ی ئابی ٢٠٢٦، ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، پێشوازی لە حاکم بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان و د. مصلح فەتاح، ڕاوێژکار و هەماهەنگیکار لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بە بایەخەوە باسی لە فەراهەمکردنی ئاسانکاریی تەواو بۆ پڕۆژە و بنکە گەشتیارییەکان کرد بە گرتنەبەری میکانیزمی خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی خاوەنکاران و کەمکردنەوەی ڕۆتین.
تەوەرێکی تری گفتوگۆکان جەختکردنەوە بوو لەسەر گرنگیی پابەندکردنی سەرجەم دامەزراوە و پڕۆژە گەشتیارییەکان بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ئامانجی پاراستنی مافی یاسایی کارمەندانی ئەم کەرتە.
هاوکات، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی درووستکردنی ئالیەتێکی کارای هەماهەنگی لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بە مەبەستی گەشەپێدانی بەردەوامی کەرتی گەشتوگوزار.











