دەستەی گەشتوگوزار پێداچوونەوە بۆ رەوشی خوێندن لە ئامادەییەکانی گەشتوگوزاری هەرێم دەکات

بەفرانبار 2, 2020

ئەمڕۆ ١ـ١٢ـ٢٠٢٠ بە سەرپەرشتی سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ئەمەل جەلال لە دیوانی دەستە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەری ئامادەییەکانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی دەستە گرنگی خوێندن و پێگەیاندنی کادری گەشتیاری بە شێوەیەکی ئەکادیمی و سەردەمیانە، وەک پێویستیەک بۆ شوێن و بنکە گەشتیارییەکان لەڕووی ئەتەکێتی میوانداری و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بە کوالیتی بەرز خستەڕوو، تیشکی خستە سەر بەشداری پێکردنی رەگەزی مێ لە خوێندن و هەلی کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەک رووێکی شارستانی و سەردەمیانە لە کەرتی گەشتیاری، هەروەها رەخساندنی بوار بۆ دێژەدان بە خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەمەبەستی گەیشتن بە بەرهەمێکی باشتر لەوەی کە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی گەشتوگوزار کاری لەسەر دەکرێ.

دواتر بەرێوەبەرانی ئامادەیی گەشتیاری (دهۆک، سلێمانی، هەولێر)کە لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوون، کێشە و ئاستەنگەکانیان لە رووی ( پڕۆگرام ، بینایە، میلاک، کاری مەیدانی، پێداویستی جۆراوجۆر) خستەڕوو.

لە ئەنجام روونبووەوە کە چەندان کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم پڕۆسەی خوێندنی گەشتیاری لە ئامادەییەکاندا هەیە، کە وایکردوە وەک پێویست نەتوانن کادری گەشتیاری بخەنە بازاڕی کار و پێداویستی بنکەکانی گەشتیاری پڕ بکەنەوە.

دواتر بەرێوەبەرانی دیوانی دەستە کە لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوون، چەند زانیارییەکیان لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ساڵانی رابردوو خستەڕووو. سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بەڵێنیدا کە بەدواداچوون بۆ سەرجەم کێشەکان دەکات و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەوڵی چارەسەریان دەدات.

جێگای ئاماژەیە تا ساڵی ٢٠١٣ هیچ ئامادەییەک لە هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام ئێستا لە گەرمیان و دهۆک و سلێمانی و هەولێر ئامادەیی پیشەیی گەشتوگوزار هەیە و ساڵانە کادری مام ناوەند و پیشەی دەخەنە بازاڕەکان، بەڵام نەتوانراوە سوودیان لێوەربگیرێ، بۆیە پێداچوونەوە بۆ سەرجەم لایەنەکانی پڕۆسەکە دەکرێ.