بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرهێنان، سەردانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاریان کرد
ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار پێشوازی لە نەژاد جەلال بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرهێنان کرد، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە میانەی گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووان ئاماژەی بەوەکرد، ماستەر پلانی نوێی گەشتوگوزار ئامادەیە، بەڵام هێشتا نەچۆتەبواری جێبەجێکردنەوە.
ئاشکراشی کرد، پارێزگای هەڵەبجە لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سەربەخۆیان هەیە و پێویستە گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت لەو ناوچەیە، لەبەر ئەوەش نا کە پێشتر پارێزگا نەبووە و لەئێستادا پارێزگایە، بەڵکو لەبەرئەوەی ناوچەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنانی گەشتوگوزاری.
نەژاد جەلال بەڕێوەبەری لێکۆلینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرهێنان، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەماهەنگی و کاری زیاتر لەنێوان هەردوو دەستەی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار هەبێت، بەو پێیەی ئەم دوو دەستەیە تێکەڵاویەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە و تەواوکەری یەکترین.